بڵاوکراوەی ئەم هەفتەیە چی لە خۆی دەگرێت:
١. گەورەترین هەڵەم لە سەر سۆشیاڵ میدیا چی بوو؟ (کڕینی فاڵۆوەرس لە ئینستاگرام 🫣 )
٢. چۆن دەتوانیت براندی دوو وشەیی خۆت بدۆزیتەوە؟ هەڵەی بەشداربوویەکی پرۆگرامی کۆچینگی تایبەت چی
بوو؟
سڵاو هاوڕێ،
هیوادارم زۆر باش بیت،
پێش ئەوەی دەستپێبکەم، دەمەوێت پێتانبڵێم کە ناوی بڵاوکراوەکەمان لەمڕۆ بە دواوە دەبێتە “براندی کەسیی لە پێنج خولەکدا”، کە من ئامادەم پێنج کاتژمێر تەرخان بکەم بۆ ئەوەی ئێوە بە پێنج خوولەک زۆرترین ئەزموون و زانیاری وەربگرن لەسەر براندی کەسیی و ببێتە سەرچاوەیەکی بەهادار بۆ ئێوە.
هەروەها، دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانەتان بکەم کە لە بڵاوکراوەی پێشوو پێشنیاری ناوی کتێبتان بۆ کردم، بەڕاستی، زۆر کاریگەریی هەبوو لە فراوانکردنی تێگەیشتنەکانم. هەر بژین!
بۆ ئەم جارەش، دەمەوێت لێت بپرسم، “لە چ بەش و بوارێکی براندی کەسیی پێویستت بە هاوکاری هەیە؟” بۆ ئەوەی بتوانم لە بڵاوکراوەکانی هەفتەی داهاتوودا یەک یەک هەڵوێستەیان لەسەر بکەم و باسیان بکەم.
جا با ئێستە دەست بکەین بە ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەمان،
١. گەورەترین هەڵەم تا ئێستا ئەنجامم دابێت لەسەر سۆشیاڵ میدیا چی بوو؟ چۆن زیانی بە براندی کەسییم گەیاند!
ساڵی ٢٠٢٠، بوو ڕۆژێکی ئاسایی بوو بۆم. لە ڕێگەی ئینستاگرامەوە، هەژمارێکی نەناسراو(نە وێنەی پرۆفایلی هەبوو نە ناوێکی ڕوون) نامەی بۆ ناردم و نیسیبووی، “سڵاو بەڕێزم، پێویستت بە فۆڵۆوەرز هەیە؟” منیش تازە لە پڕۆسەی دروستکردنی براندی کەسیی خۆم بوو. تازە دەستم کردبوو بە پۆست کردن و لەبەر کەم شارەزایم لە براندی کەسیی، بەردەوام خەفتم لە کەمی فۆڵۆوەرزەکانم دەخوارد. ئەو کاتە تەنها 2K فۆڵۆوەرزم هەبوو.
تاوێک لەسەر نامەکەی وەستام و تێڕامام. ئەویش بەردوەوام بوو لە نامە ناردن و دەیگوت، “فۆڵۆوەرزەکانی ئێمە ڕاستین و بەشەرتی سەلامەتی ئاکاونتەکەتە”.
لەبەر کەم ئەزموونی و نەبوونی ئامانجێکی ڕوون لە پشت هەژمارەکەم لە ئینستاگرام، بڕیارمدا کە لەگەڵی بڕۆم و لێم پرسی، “جا ڕێکارەکان چۆنن”
وەڵامی دایەوە، “زۆر بەسیتە، پێنج هەزار دینارم بۆ بنێرە، فۆڵۆوەرزەکانت دەکەمە 10K”
لە بەرئەوەی پێم وابوو کە ژمارەی فۆڵۆوەرز زۆر گرنگە و وام دەزانی سومعەی براندی کەسییم لەکەدار دەبێت ئەگەر فۆڵۆوەرزم زۆر نەبێت! وە نەمدەزانی کە ئەو فۆڵۆوەرزانە کێن و چۆن من سوودیان لێدەبینم.
بڕیارمدا، پێنج هەزارەکە بنێرم و چاوەڕێم کرد، بینیم بەرە بەرە وا فۆڵۆوەرزەکانم زیاد دەکەن، بە ڕادەیەک کە ئەوەندە خێرا زیادیان دەکرد دەترسام هەژمارەکەم ڕابگیرێت! هەر وەک ئەوەی کە وتی، لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا، هەژمارەکەم بوو بە 10K فۆڵۆوەرس.
ڕەنگە ئێستە بڵێیت کە جا هەڵەی ئەو کارە لە چ شتێکدایە؟!
لە ڕاستیدا ئەو کارە هەڵەیەکی گەورەیە بۆ کەسێك کە بیەوێت گەشە بە براندی کەسیی خۆی بدات لەبەر ئەم هۆکارانە:
١. من ئەو کاتە Target Audience ی خۆم نەناسیبوو. واتە ئەو 10K فۆڵۆوەرە هیچیان تارگێت ئەودیەنسی من نەبوون. ئەوە جگە لەوەی کە زۆربەی ئەو هەژمارانە بۆت و فەیکن یاخود هی کەسانێکن کە بەهێچ جۆرێک هەر ناشزانن من کێم!
٢. کرۆکی گەشەدان بە براندی کەسیی ئەوەی کە تۆ وەک کارسازێک یاخود کەسێکی پیشەیی، بتوانیت کۆمەڵگەیەک لە دەوری خۆت کۆبکەیتەوە بەوەی کە سوودیان پێبگەیەنیت و ئەوانیش سوود وەرگرن و ببنە فۆڵۆوەری ڕاستەقینە، دەنا قسەکردن بۆ کەسانێک کە هیچ لەتۆوە فێرنابن و سودیان پێناگەیەنیت، تەنها بەفیڕۆدانی کات و وزەیە و قەت ناتوانیت کۆمەڵگایەک(کۆمیونیتیەک) بۆ خۆت دروست بکەیت.
٣. كێ وتی کە ژمارەی زۆری فۆڵۆوەرس باشە! چەندین هەژماری هەیە لە سۆشیاڵ میدیا بە ملیۆنان فۆڵۆوەرزیان هەیە و هەرگیز نەبووە سەرچاوەیەکی ماددی بۆیان. دەیان هەژماریش هەن کە بە فۆڵۆوەری کەمەوە، سەرچاوەی مادی بەهێزیان هەیە.
٤. هەبوونی فۆڵۆوەری زۆر و هەڕەمەکی وا دەکات کە تەواوی متمانەی لە چاوی خەڵکیدا کەم بێتەوە. من چەندین هەژمار دەبین بە دەیان فۆڵۆوەریان هەیە، کەچی لایک و کۆمێنت و ڤیوەکانیان زۆر نزمە، ئەمەش وا دەکات ڕاستەوخۆ گومان لە ڕەسەنی و ماندووبونی ئەو کەسە بکەم!
هەمیشە بیرتبێت، کە تۆ پێویستە Target Audience ی براندی کەسی خۆت بناسیت و ستراتیژیانە بەهایان پێبەخشیت و بیانکەیتە کۆمیونیتی خۆت. ئەوکاتە دەتوانیت کە ببیتە براندێكی کەسی بەهادار و ئامانجە پیشەییەکەت بەدیبهێنیت. ژمارەی زۆر و هەڕەمەکی هیچ سوودێکیان بۆ گەورەبوونی براندی کەسیی تۆ نییە. تۆ پێوسیتە کە بە بەخشینی بەها و بە ماندووبون فۆڵۆوەری کوالیتی بۆ خۆت دروست بکەیت و کۆمیونیتی خۆت دروست بکەیت. بۆیە نە خەفەت لە کەمی فۆڵۆوەرزەکانت بخۆ و نە هەوڵی دەستخستنی فۆڵۆوەرزی ناڕاست و فەیک بدە.
٢. چۆن بتوانم براندی دوو وشەیی خۆم بدۆزمەوە؟
هەتا زیاتر قوڵببینەوە لە تێگەیشتن لە براندی کەسیی، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە سەردەمی سۆشیاڵ میدیا و قەرەباڵغی ئەو هەموو ناوەڕۆکەدا، تۆ بۆ ڕاکێشانی سەرەنجی تارگێت ئەودیەنسی خۆت، پێویستت بە چەکێکی کاریگەر هەیە بۆ باشتر وەبیرهاتنەوە و مانەوەت لە زهنی تارگێت ئەودیەنسی خۆتدا. ئەو چەکەش براندی دوو وشەیی خۆتە.
مەبەست لە براندی دوو وشەیی خۆت ئەوەیە کە بتوانیت، بەها و چیرۆک و ئامانجەکانی براندی کەسیی خۆت لە دوو وشەدا کورت بکەیتەوە. دەزانم کە ئێستە بیر لە چی دەکەیتەوە! جا چۆن ئەو هەموو وردەکارییە لە دوو وشەدا کۆ دەکرێتەوە؟! دەزانم ناڕەحەتە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە کە دەکرێت.
با نمونەیەکت بۆ بهێنمەوە کە خۆم زۆر لەلام جوانە. یوتیوبەری دیاری جیهانی Mr.Beast ئەم تەکنیکەی بەکارهێناوە. خۆی ناوی Jimmyە، بەڵام Mr.Beastی کردۆتە براندی دوو وشەیی خۆی. پێشگری Mr. بە واتای بەڕێز یاخود کەسێک کە ڕێزی کۆمەڵگا بگرێت دێت، وە سەرجەم چالاکی و ناوەڕۆکەکانی هاوتای کۆمەڵگان و هیچ ناوەڕۆکێکی ناپەسەندی نییە، ئەوە جگە لەوەی کە ناسراوە بە کارە خێرخوازی و مرۆڤانەکانی. لە لایەکی ترەوە، وشەی Beast بە واتای وەحش یاخود زەبەلاح دێت. کە ئەگەر سەرەنجی ناوەڕۆکەکانی بدەین هەموویان لە ئاستی ئاسایی زیاترن، واتە لە بری ئەوەی دۆلارێک بکات بە خێر، یەک ملیۆن دۆلار دەکاتە خێر! لە بری ئەوەی دەستخۆشییەکی ئاسایی لە کەسێک بکات، ئۆتۆمبێلێکی دەداتێ. لە بری ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانی سەیرانێکی ئاسایی بکات، دەچێتە قورسترین شوێنی سەرزەوی و لەوێ کامپینگ دەگات. هەربۆیە کۆکراوەی ناوی Mr.Beast زۆر پەیام لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت. وە تۆش دەتوانیت کە براندی دوو وشەیی خۆت گەشەپێبدەیت.
چەند تەکنیکێک کە یارمەتیت دەدەن براندی دوو وشەیی خۆت دروست بکەیت:
١. بیر لە سیفەتێكی خۆت یان خاڵێکی بەهێزی خۆت بکەرەوە
٢. جەخت بخەرە سەر لایەنە مرۆییەکەت، نەک تەنها پیشەکەت.(زۆر جار ئەو کەسانەی کە ڕاوێژیان دەدەمێ، ناتوانن لە پیشەکەی خۆیان دووربکەونەوە، براندی دوو وشەیی پێویستە جەخت لە سیفتەتی نەگۆڕی مرۆییت بکاتەوە نەک تەنها پیشەکەت)
٣. ڕاوێژ بە کەسانی چواردەورت بکە و بزانە ئەوان ڕایان چییە لەسەر خاڵی بەهێزی مرۆیی تۆ
٤. لیستێک ئامادەبکە و بە تێڕامان و ڕاوێژکردن بەرەبەرە یەکێکیان بکەرە براندی دوو وشەیی خۆت.
٥. ناوێک هەڵبژێرە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتووشت بگونجێت، نەک تەنها ئێستات!
هەمیشە لەبیرت بێت، کە براندی دوو وشەیی خۆت پێویستە لەسەرجەم قۆناغەکانی ژیانت بگوجێت و ببێتە وێنەی براندی کەسیی تۆ و ئامانج لەم تەکنیکە یارمەتیدانی تارگێت ئەودیەنسەکەتە لە باشتر وەبیرهاتنەوەی تۆ و دروستکردنی وێنەیەکی فکری لەلای تارگێت ئەودیەنسەکەت.
ڕەنگە ئێستە بپرسیت ئەو داوەر خۆی براندی دوو وشەییەکەی چییە؟ من خۆم Opportunity Magnet واتە موگناتیسی ڕاکێشانی دەرفەتەکانم بۆ خۆم هەڵبژاردووە. هۆکاری هەڵبژاردەنی ئەو ناوەش ئەوەیە کە بەردوام هەوڵدەدەم یارمەتی کەسانی پیشەیی و کارسازان بدەم کە براندی کەسیی کاریگەری دروست بکەن و دەرفەتەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن.
لە وەڵامی ئەم ئیمەیڵەدا، خۆشحاڵم کە براندی دوو وشەیی خۆتم بۆ بنێریت و هاوکارت بم لە باشتر دروستکردنی لەگەڵت.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت باسی کێشەیەکم بکەم کە زۆربەی کات لە بەشداربووانی پرۆگرامی کۆچینگی تایبەت دەیبینم. دەزانن چییە؟ ئەو هەڵەیەی کە زۆربەمان دەیکەین کاتێک دەمانەوێت براندی کەسیی خۆمان بنیات بنێین لە سۆشیال میدیا!
زۆربەمان بە پەرۆشەوە دەست دەکەین بە بڵاوکردنەوەی پۆست، ڤیدیۆ، و ناوەڕۆکی جۆراوجۆر. بەڵام… دەزانن کێشەکە چییە؟ زۆربەی کات تەنها بڵاو دەکەینەوە بێ ئەوەی بزانین دەمانەوێت بەرەو کوێ بڕۆین!
با چیرۆکی ساراتان بۆ باسبکەم کە ئەندازیاری نەوتە (کە ئێستا بووە بە یەکێک لە سەرکەوتووترین بەشداربووەکانی پرۆگرامەکەمان!). سارا سەرەتا وەک هەموومان وابوو – هەموو جۆرە ناوەڕۆکێکی بڵاو دەکردەوە، بەڵام هەستی دەکرد شتێک هەڵەیە.
لە پرۆگرامی کۆچینگی تایبەتدا، یەکەم شت کە سارا فێری بوو چەمکی SMART Goals بوو کە یارەتی فێرخواز دەدات ئامانجێكی دروست دیاری بکات. وشەی SMART کورتکراوەی ئەم وشانەیە:
– Specific (دیاریکراو): ڕوون و ئاشکرا
– Measurable (پێوراو): بتوانیت بە ژمارە بیپێویت
– Achievable (بەدیهێنراو): واقیعی بێت
– Relevant (پەیوەندیدار): لەگەڵ پیشەکەت بگونجێت
– Time-bound (کات-دیاریکراو): کاتی دیاریکراوی هەبێت
سارا توانی ٣ ئامانجی SMART دابنێت کە گۆڕانکارییەکی گەوەیان دروست کرد:
١. هەموو پۆستێکی مانایەکی قووڵی هەیە و دەتوانێت کاریگەرییەکەی بپێوێت
٢. فۆڵۆوەرەکانی زۆر باشتر لێی تێدەگەن و ئەمەش لە ڕێژەی ئینگەیجمێنتەکەیدا دەردەکەوێت
٣. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کاری لەگەڵ بکەن ڕاستەوخۆ دەزانن چۆن دەتوانن سوود لە شارەزاییەکانی وەربگرن
ئێستا هەر کاتێک سارا دەیەوێت پۆستێک بڵاو بکاتەوە، لە خۆی دەپرسێت: “ئایا ئەم پۆستە SMART-ە؟ ئایا بەرەو یەکێک لەو ٣ ئامانجە دیاریکراوەم دەمبات؟”
ئەی تۆ، هاوڕێی ئازیز؟ ئایا ئامانجەکانت SMART-ن؟ ئەگەر وەکو سارا پێویستت بە یارمەتییە بۆ دانانی ئامانجی SMART، بەشداربە لە پرۆگرامی کۆچینگی تایبەت. دڵنیام تۆش دەتوانیت وەک سارا سەرکەوتوو بیت – تەنها پێویستت بە ئامانجی SMART و پلانێکی ڕوونە! 🚀
لە سۆشیاڵ میدیاکان فۆڵۆوم بکە
ئەم ناوەڕۆک بنێرە بۆ هاوڕێکانت